دەوڵەتانی داگیرکەر خۆیان پڕ چەک دەکەن و دەیانەوێت کورد چەک بکرێت

دەوڵەتە داگیرکەرەکان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خۆیان پڕ چەک دەکەن و لەهەوڵی دەستڕاگەیشتندان بە چەکی ئەتۆم و کیمیایی و پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیاکانی شەڕ، کەچی هەموو ڕۆژێک داوا لە کورد دەکەن چەک دابنێن و هەوڵی چەککردنی دەدەن، لە کاتێکدا کورد یەکێکە لەو نەتەوانەی بە ناچاریی دەستی داوەتە چەک و بۆ خۆپاراستن بەکاریی دەهێنێت.

“من چەکم بۆ بەرگریی لە خاک و گەل دروستکرد، نەک بۆ شەڕ و ململانێی سیاسی” ئەمە گرنگترین وتەى میخائیل کڵاشینکۆفی ڕووسییە کە یەکەم داهێنەری چەک دروستکردن بووە لە جیهاندا.

دەوڵەتانی داگیرکەریی سەر کوردستان، بەتایبەت دەوڵەتى داگیرکەریی تورک پێشکەوتووترین چەک دەکڕن و دروستی دەکەن، بەڵام هەوڵی چەک کردنی کورد دەدەن، ئەمە تەنیا داواکاریی دەوڵەتە داگیرکەرەکانیش نییە، بەڵکو داواکاری نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنى ئاسایش و دەیان دەوڵەت و ڕێکخراوی دیکەیە کە خۆیان بە پارێزەری مافی مرۆڤ دەزانن، بەڵام مافی خۆ پاراستن بە کورد ڕەوا نابینن.

ئەوان دەیانەوێت کورد چەک دابنێت و بە ئاسانی کۆمەڵکوژیی بکەن، چونکە کاتێک گەریلا یان پێشمەرگە یان هەر کوردێک چەک بۆ خۆپاراستن هەڵدەگرێت دوژمنان بە تیرۆرست ناوی دەبەن، لەکاتێکدا بەدرێژایی مێژوو کورد تاکە نەتەوەیە لە نێوان دەوڵەت نەتەوە سەردەستەکانی ناوچەکەدا هێرشی قڕکردنی هەمەلایەنەی لەسەربووە و تەنها چەکی بۆ خۆپاراستن بەکارهێناوە.

کاتێک لە باکووری کوردستان دەوڵەتی داگیرکەریی تورک گۆڕی بۆ کورد دروستکرد و ناوی کوردی قەدەغە کرد، پەکەکە دەستی بە خەباتی چەکداریی کرد، زیاتر لە ٤٥ ساڵە پەکەکە بۆ پاراستنى گەلەکەی چەکی لە دژی داگیرکەران هەڵگرتووە، لەسەر ئەمەش ٢٤ ساڵە ڕێبەری گەلی کورد عبدوڵا ئۆجالان گۆشەگیر کراوە، کەچی وڵاتان و ڕێکخراوەکانى بەناو پاراستنى مافی مرۆڤ، داوا لە پەکەکە دەکەن چەک دابنێت، بەڵام دەوڵەتى تورک بە پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیای جەنگی و چەکی کیمیایی کورد کۆمەڵکوژ دەکات، هەموو چاویان لێ داخستووە نەک داوای چەک دانانی لێ ناکەن، بەڵکوو بە پێچەوانەوە چەکی پێدەفرۆشن، هەموو ئەو چەکانەی لە کۆمەڵکوژکردن و داگیرکردنى خاکی کوردستان بەکاری دەهێنێت چەکی وڵاتانى ئەندامی ناتۆیە، بەتایبەت چەکی ئەمریکاو ئەڵمانیا و سوید و فەرەنسا و کەنەدایە.

زۆرینەى وڵاتانی جیهان بەشی هەرە زۆری بودجەکانیان بۆ بواری سەربازیی و کڕینى چەک تەرخان دەکەن، وڵاتان لە پێشبڕکێیەکی توند دان بۆ بەرەو پێشبردنى توانا سەربازییەکانی خۆیان، تورکیا و عێراق و ئێران و سوریاش، بەشی هەرەزۆری بودجەى ساڵانەیان بۆ بواری سەربازیی و چەک کڕینە، دەوڵەتى تورکیش تەنیا لە بودجەى ساڵی ٢٠٢٣ دا زیاتر لە ٧٠ ملیار دۆلاری بۆ خەرجی سەربازیی داناوە، کە دروستکردن و کڕینى چەکیش لە خۆ دەگرێت.

بە هەمان شێوە دەوڵەتی ئێران دەیەوێت پارتەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان چەک دابنێنن و بارەگاکانیان لەباشووری کوردستان بۆردوومان دەکات، ڕژێمی سووریا و دەوڵەتی داگیرکەریی تورک بەهەموو توانایانەوە دژایەتى شەڕڤانانی قەسەدە و یەپەگە و یەپەژە دەکەن، عێراقی پێش سەدام و دوای سەدامیش بەبەردەوامی دژایەتی پێشمەرگەیان کردووە، تەنانەت لەچەند ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک شەڕی لەدژی پێشمەرگە کردووە بەتایبەتی لە ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧.

جیهان داوا دەکەن کورد چەکی خۆی دانێت، بۆ ئەمەش ئاشتی دەکەن بە بیانوو، بەڵام هەرگیز داوا لەو دەوڵەت نەتەوە داگیرکەرانە ناکەن، کە بە فڕۆکە و چەکی کیمیایی و بۆمبی قەدەغە کراو کورد کۆمەڵکوژ دەکەن، ئەوەتا دەوڵەتى داگیرکەریی تورک چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بەکاردەهێنێت، بەڵام هیچ دەوڵەتێک نایەتە دەنگ.

هـ.ح

Comments are closed.